شەپۆلی گەرما لاواز دەبێت و پلەکانی گەرما دادەبەزن

KNN : Kurdish News Network
11:16 - 04/08/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، لە سبەینێوە کاریگەریی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە لاواز دەبێت و پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە (4ی ئابی 2026)، ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت و کەش گەرم دەبێت، لەگەڵ دروستبوونی هەور لەسەر هەندێک ناوچەی جیاجیا و زیادبوونی خێرایی با لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا. ئاماژە بەوەش کراوە، پلەکانی گەرما نزیک دەبن لەو پلەیانەی دوێنێ تۆمار کراون، بە جۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت کە 48 پلەی سیلیزییە، هەروەها لە هەولێر و دهۆک 44  پلە، لە سلێمانی 42 پلە، و لە هەڵەبجە 45 پلەی سیلیزی دەبێت.

 

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی چوارشەممە، کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات کە کاریگەریی شەپۆلی گەرماکە کەمێک لاواز ببێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ (1 بۆ 3) پلەی سیلیزی نزم ببنەوە. هاوکات خێرایی با لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها پارێزگای کەرکووک، بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات و مەودای بینینیش لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.

224 جار خوێندراوەتەوە