پاڵاوگەی فۆکس ڕایدەگەیەنێت، نەوتی خاو بە نرخی بازرگانیی جیهانی دەکڕن و هیچ پاڵپشتییەکی حکومییان نییە، هاوکات ئامادەیی نیشان دەدات ئەگەر نەوتی پاڵپشتیکراویان بۆ دابین بکرێت، ئەوا نرخی یەک لیتر بەنزین بۆ 450 دینار کەم بکەنەوە.
نوێنەری کۆمپانیای فۆکس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پڕۆژەکەیان مۆڵەتی وەبەرهێنانی هەیە و نەوتی خاو بە نرخی بۆرسەی جیهانی (پلاتس) لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەکڕن. سەبارەت بە نرخی بەنزینیش، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە لیترێک بەنزینیان بە 1175 دینار بە بەنزینخانەکان فرۆشتبێت و ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا بەنزینیان لە 980 دینار گرانتر نەفرۆشتووە و داواش دەکات هەرکەسێک بەڵگەی پێچەوانەی هەیە بیخاتە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، سەردار حاجی خالید، خاوەنی پاڵاوگەی فۆکس، ڕایگەیاند؛ پاڵاوگەکەیان سەر بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نییە و ئامانجی سەرەکییان خزمەتکردنی هاوڵاتیانی سلێمانییە. ئاشکراشیکرد، سەرەڕای هەبوونی مۆڵەتی فەرمی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبووە نەوتی خاویان پێبدات، بۆیە ناچاربوون بۆ دابینکردنی نەوت ڕوو لە حکومەتی فیدراڵی بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، فشارێکی زۆریان لەلایەن بەغداوە لێکراوە تاوەکو گرێبەستی "پاڵاوتن" بکەن و تەواوی بەنزینەکە بگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی عێراق، بەڵام لەپێناو خزمەتکردنی سلێمانی، ئەو گرێبەستەیان ڕەتکردووەتەوە و زیانی داراییان قبوڵ کردووە.
خاوەنی پاڵاوگەکە هۆشداریشیدا کە ئەگەر بێبەری نەکرێن لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە، ناچار دەبن بەرهەمەکانیان نەخەنە بازاڕەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیران و گرانبوونی نرخی بەنزین لە شاری سلێمانی.
هاوکات بەڵێنیدا لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا یەکەکانی پێشکەوتووی (هایدرۆجین و ئایزۆمەر) بە ستانداردی جیهانی بخەنە کار بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز و کێشەی نرخیش لەو ماوەیەدا چارەسەر دەبێت.
خاوەنی پاڵاوگەکە نیگەرانیی خۆی لە خراپیی ژینگەی وەبەرهێنان لە سلێمانی دەربڕی و هۆشداری دا کە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بێ بنەما و داواکردنی بەڵگە بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی، وا دەکات وەبەرهێنەران ناوچەکە جێبهێڵن.
337 جار خوێندراوەتەوە