بزووتنەوەی گۆڕان لە دوازدەهەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکاندا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەکانی شەنگال و ئازارەکانی ئێزیدییەکان پێویستە ڕیشەیی و کرداری بن و ئیدارەدانی شارەکەش بدرێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە. جەختیشی کردەوە کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە تەنها بە بەدامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی ململانێ حزبییەکان لە پرسە چارەنووسسازەکان دەکرێت.
لە بەیاننامەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووه، لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شاڵاوێکی دڕندانە و نامرۆڤانەی کردە سەر قەزای شەنگال بە مەبەستی سڕینەوەی پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ئایینی و نەتەوەیی، کە بەهۆی نەبوونی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتووەوە باجەکەی بە هاووڵاتیانی بێتاوان درا و بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی سەدان کەس، ڕفاندنی هەزاران ژن و منداڵ و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە.
بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دانەبڕاوی گەلەکەمانن و پاراستنی ناسنامە و مافەکانیان ئەرکێکی نیشتمانییە. لە کۆتاییشدا، وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شەنگال، سڵاوی بۆ خۆڕاگریی خوشک و برا ئێزیدییەکان ناردووە.
بەیاننامەی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان
هاونیشتمانیانی خۆشەویست،
خوشک و برایانی ئێزیدی،
ئەمڕۆ دوازدە ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکێک لە تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلەکەمان. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شاڵاوێکی دڕندانە و نامرۆڤانەی کردە سەر قەزای شەنگال، کە بووە هۆی کۆمەڵکوژکردنی سەدان کەس لە خوشک و برایانی ئێزیدیمان، ڕفاندنی هەزاران ژن و منداڵ، و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە.
ئەم تاوانە، هەوڵێکی بەرنامەبۆداڕێژراو بوو بۆ سڕینەوەی پێکهاتەیەکی ڕەسەنی ئایینی و نەتەوەیی لەسەر خاکی خۆی، کە تێیدا بەهۆی نەبوونی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتووەوە باجەکەی بە هاووڵاتیانی بێتاوان درا. بزووتنەوەی گۆڕان، لەم یادە پڕ ئازارەدا، وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی قوربانیانی شەنگال، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە چارەسەرکردنی کێشەکانی شەنگال و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزیدییەکانمان پێویستە ڕیشەیی و کرداری بن و ئیدارەدانی شەنگال دەبێت بدرێتەوە دەست خەڵکی ناوچەکە.
ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەن و دانەبڕاوی گەلەکەمانن. پاراستنی ناسنامە و مافەکانیان ئەرکێکی نیشتمانییە و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە، تەنها بە بەدامەزراوەییکردنی هێزی پێشمەرگە و دورخستنەوەی ململانێ حزبییەکان لە پرسە چارەنووسسازەکان دەکرێت.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شەنگال و خۆڕاگریی ئێزیدییەکان.
بزووتنەوەی گۆڕان
٣ی ئابی ٢٠٢٦
242 جار خوێندراوەتەوە