ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجام دا و تێیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە بەیانیی ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و عەرەبستانی سعودییەوە کرایە سەر خاکی عێراق
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا وەزارەتی دەرەوە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەبەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان و پاراستنی مافەکانی عێراق
بەپێی بەیاننامەیەکی سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێرشەکەی ئەمریکا و سعودیە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی بێتاوان. ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووە بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی ئەو دوو وڵاتە سەبارەت بە بەئامانجگرتنی خاکی سعودیە
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دا بە دانانی پلانێکی ئەمنیی گشتگیر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکان و ڕێگریکردن لە هەر سەرچاوەیەک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر جۆرە پێشێلکاری و کارێکی دوژمنکارانە، تەنها لە دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی حکومەتی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکاندایە
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئەنجومەنەکە جەختی لە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ و تەواوکردنی ڕێکارەکانی قەتیسکردنی چەک تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە کردەوە. داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە پەلکێشی ململانێیەک نەبن کە سەقامگیریی ناوچەکە تێکبدات.
193 جار خوێندراوەتەوە