محەمەد شیاع
سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی
ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکات و دەڵێت:
"پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عێراقە". ئاماژە بەوەش دەکات، کاتی
هێرشەکە جێگەی پرسیارە، چونکە بەغدا لیژنەی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاراستەکردنی
درۆنەکان پێکهێنابوو.
لە
بەیاننامەیەکدا سودانی ڕایگەیاند، ئەو دەستدرێژییەی کرایە سەر بارەگاکانی حەشدی
شەعبی لە عێراق، تێپەڕاندنێکی مەترسیداری بنەمای برایەتیی ئیسلامییە و لەهەمان
کاتیشدا پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
سودانی ئاماژەی
بەوەش کردووە، لە کاتێکدا عێراق لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانیەوە بەکارهێنانی
خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانی ڕەتکردووەتەوە، کاتی ئەم هێرشە جێگەی چەندین
پرسیارە؛ بەتایبەت کە دوای ئەوە دێت حکومەتی عێراق لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا بۆ
بەدواداچوون لەو بانگەشانەی باس لە فڕینی درۆن دەکەن لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر
دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە. جەختیش دەکاتەوە کە ئەمە پەرۆشیی دەوڵەت دەردەخات
بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان لە ڕێگەی چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەییەوە، نەک لە
ڕێگەی ئاڵۆزیی سەربازییەوە.
لە کۆتایی
پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە عێراق بەپێی ماددەی
(51)ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، پارێزگاری لە تەواوی مافە ڕەواکانی دەکات
بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاک و گەلەکەی. دەشڵێت: "زیانگەیاندن بە ئاسایش و
سەقامگیریی عێراق شتێکی قبوڵنەکراوە و ناکرێت بێدەنگی لێ بکرێت".
89 جار خوێندراوەتەوە