هادی عامری: ئامانجی سعودیە لە هێرشەکانی بچووککردنەوەی رۆڵی عێراقە

KNN : Kurdish News Network
12:34 - 29/07/2026
عێراق
+
-

هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لەلایەن هێزەکانی سعودیە و بە پاڵپشتیی فڕۆکەکانی ئەمریکا کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق. هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوەی هەبێت و پێداچوونەوەی گشتگیر بە ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریکادا بکات.

 

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ (29ی تەمموزی 2026) بڵاویکردووەتەوە، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکەی هێزەکانی سعودیە بە پاڵپشتیی فڕۆکەوانیی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکارییەکی گەورەی سەروەریی عێراقە و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکداری حەشد کوژراون و بریندار بوون. ڕێکخراوەکە داوا لە حکومەت دەکات هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بەم "دەستدرێژییە مەترسیدارە" بگرێتەبەر، بەتایبەت کە ئەو هێزانە ڕۆڵی سەرەکییان لە سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعشدا هەبووە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر سەرسوڕمانی خۆی لەو "دەستدرێژییە ئاشکرایەی" سعودیە دەردەبڕێت، سەرەڕای ئەوەی عێراق دەستی دۆستایەتی و هاوکاری بۆ درێژ کردووە. هەروەها تۆمەتباری دەکات بەوەی لە ڕابردوودا خاکەکەی خاڵی دەستپێک بووە بۆ پشتیوانی و ئاسانکاری ناردنی هەزاران خۆکوژ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بۆ عێراق. ڕێکخراوەکە پێیوایە گەڕانەوەی سعودیە بۆ ئەم کارانە بێ پاساوە، ئامانج لێی تەنها بچووککردنەوەی ڕۆڵی عێراقە لە سەقامگیریی ناوچەکەدا.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا، ڕێکخراوی بەدر دەڵێت؛ پاڵپشتیکردنی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانە، واشنتن دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی یاسایی و ئەخلاقییەوە و پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتە. بۆیە داوا دەکات پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە تەواوی پەیوەندی و ڕێککەوتنەکانی نێوان عێراق و ئەمریکادا بکرێت، لە سەروویانەوە ڕێککەوتنی ئەمنی، بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەیدا بگونجێت. لە کۆتاییشدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوچەکە لە قۆناغێکی هەستیاردایە و پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو هەیە بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاکی عێراق.

65 جار خوێندراوەتەوە