سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی پێشێلکاری زەقی سەروەری وڵاتەکەن

KNN : Kurdish News Network
02:39 - 29/07/2026
عێراق
+
-

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو بۆردومانانە دەکات کە کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەک، و بە "پێشێلکارییەکی زەق" بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق ناویان دەبات.

 

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (29ی تەمموزی 2026) بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو دەستدرێژییە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە کارمەندانی ئەو هێزە ئەمنییە. جەختیش دەکاتەوە کە ئەم بەئامانجگرتنەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

 

لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار بەتوندی دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی ڕەتدەکاتەوە، هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیشی دووپات دەکاتەوە لە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک پێگەیەک یان گۆڕەپانێک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، یان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. ئەمەش وەک پابەندبوونێک بە بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆییان.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، سەرۆکایەتیی کۆمار داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەر کارێک کە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات تێکبدات. هاوکات داوا دەکات زمانی گفتوگۆ زاڵ بکرێت بۆ چارەسەری قەیرانەکان، بە جۆرێک کە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزێت و گەلەکانی لە هەڵکشان و گرژیی زیاتر بەدوور بگرێت.

64 جار خوێندراوەتەوە