خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک لە عێراق بەفەرمی کارا کرا

KNN : Kurdish News Network
09:51 - 29/07/2026
عێراق
+
-

بەلیغ ئەبو کەلەل، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری لە دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بەفەرمی کەوتنەگەڕی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک (Starlink)ی لە عێراق ڕاگەیاند و لە ئێستاشدا عێراق لەسەر نەخشەی داپۆشینی فەرمی کۆمپانیای سپەیس ئێکس (SpaceX) بە ڕەنگی چالاک دەردەکەوێت.

 

بەپێی زانیارییەکان، نرخی بەشداریی مانگانە بۆ پلانی بنەڕەتیی ماڵان بە 131 هەزار و 500 دیناری عێراقی (نزیکەی 100 دۆلار) بۆ هێڵی خێرایی 100 مێگابایت لە چرکەیەکدا دیاریکراوە. هاووڵاتییان دەتوانن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی وێبسایتی فەرمی کۆمپانیاکەوە داواکاری پێشکەش بکەن بۆ کڕینی ئامێری وەرگرتن کە پێکهاتووە لە قاپ و ڕاوتەر، بەمەبەستی کاراکردنی هێڵەکانیان.

 

ئەم تەکنەلۆژیایە سوودێکی زۆر بەو ناوچە دوورەدەست و گوندانە دەگەیەنێت کە تۆڕەکانی ئینتەرنێتی زەوینیی وەک کێبڵ یان فایبەریان پێ نەگەیشتووە.

 

جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە پێشتر مۆڵەتی فەرمی کارکردنی کۆمپانیاکە لە واشنتن بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆ کرا، بە جۆرێک کە سەروەریی دیجیتاڵی و ڕێکارە ئەمنییەکانی عێراق بپارێزرێت.

117 جار خوێندراوەتەوە