وتەبێژی
بارەگای خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی دەدات، ئەگەر
ئەمریکا ژێرخانی وڵاتەکەی بکاتە ئامانج، ئەوا تاران سەرجەم ژێرخانەکانی ناوچەکە
خاپوور دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دەستوەردانی واشنتن لە
گەرووی هورمز نادەن.
ئیبراهیم
زولفەقاری وتەبێژەکەی بارەگای خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند، گەرووی هورمز هێڵی سووری
ئێرانە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە ئەمریکا نادەن وەک وڵاتێکی دەرەوەی ناوچەکە
دەستوەردان لە کاروباری ئەو گەرووەدا بکات.
ئاماژەی بەوەش
کرد، ئەگەر هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئێران
جێبەجێ بکرێن، ئەوا هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی سەرجەم ژێرخانەکانی دیکەی ناوچەکە
دەکەنە ئامانج و لەناوی دەبەن.
هاوکات
هۆشداریی ئەوەشی دا کە وەڵامدانەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامێکی هاوتا نابێت،
بەڵکو لە کاتی ڕوودانی هەر گرژییەکدا گورزەکانیان گەورەتر، توندتر، فراوانتر و
وێرانکەرتر دەبن، و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەدا
پاشەکشە ناکەن و تەسلیم نابن.
46 جار خوێندراوەتەوە