دەستەی دەستپاکی: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 155 پلە تایبەت دەرچووە

KNN : Kurdish News Network
01:01 - 13/07/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، ئاماری کار و چالاکییەکانی بۆ نیوەی یەکەمی ساڵی 2026 بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرای دەکات، سەدان فەرمانی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردنی دادوەریان بۆ بەرپرسان و خاوەن پلە تایبەتەکان دەرکردووە.

 

بەپێی ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، 901 ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن ئەنجامدراون. لەو چوارچێوەیەشدا 471 تۆمەتبار بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیرکراون. هەر لەو ماوەیەدا، 155 فەرمانی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردنی دادوەری بۆ کەسانی خاوەن پلە تایبەتەکان دەرچووە. دادگاکانیش 436 سزایان دەرکردووە، کە بەهۆیەوە 491 کەس بە بڕیاری دادوەری تاوانبار کراون.

 

لە بارەی دۆسیەکانی گەڕاندنەوەی پارە و تۆمەتبارانەوە، دەستەکە 355 دۆسیەی تایبەت بە ڕادەستکردنەوەی کەسانی هەڵاتوو و گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی بە قاچاخ براونەتە دەرەوە، جوڵاندووە. هەروەها 40 هەزار و 567 فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەتی دارایی لە بەرپرسان و فەرمانبەران وەرگیراوەتەوە، کە لە ئەنجامی وردبینییەکاندا دەرکەوتووە 113 کەسیان پێکدادانی بەرژەوەندی لە کارەکانیاندا هەبووە.

 

سەبارەت بە چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەستەی دەستپاکی 555 سەردانی مەیدانی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای کارکردن ئەنجامداوە، کە تیایدا 43 ڕاپۆرتی بۆ دەستنیشانکردنی کێشە و دیاردە نەرێنییەکان و چارەسەرکردنیان ئامادە کردووە. لە پاڵ ئەمانەشدا، 60 بڵاوکراوە و بەرنامەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیی، لەگەڵ 206 توێژینەوە، ڕاپۆرتی ئاماری، وۆرک شۆپ و کۆڕی زانستی ڕێکخستووە.

89 جار خوێندراوەتەوە