شەش فەرمانبەری گومرگ لە کەرکوک بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکران

KNN : Kurdish News Network
11:13 - 14/07/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، ئەمڕۆ سێشەممە، دەستگیرکردنی شەش فەرمانبەری گومرگی دەروازەی (دارمان)ـی لە پارێزگای کەرکوک بە هاماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ڕاگەیاند، بەهۆی تێوەگلانیان لە کاری پێچەوانەی ئەرکی فەرمانبەرێتی و وەرگرتنی بەرتیل.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پاڵپشت بە فەرمانێکی دادوەری، تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک توانیویانە ئەو شەش فەرمانبەرەی دەروازەکە دەستگیر بکەن کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای کەرکوک و هەولێرەوە. ڕوونیشیکردووەتەوە: "تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان هاووڵاتییانیان ناچار کردووە پارەیان پێ بدەن و بە ئەنقەست مامەڵە یاسایی و گومرگییەکانیانیان ڕاگرتووە، تا ئەو کاتەی بڕە پارەکەیان لێ وەرگرتوون".

 

هاوکات دەستەی دەستپاکی باسی لەوەش کردووە، ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون بەپێی بڕیاری ژمارە (160)ـی ساڵی 1983 ڕووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراونەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر، جەختیشیکردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بە هاماهەنگیی تەواو لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکوک جێبەجێ کراوە.

64 جار خوێندراوەتەوە