دەستەی دەستپاکی: هەندێک لە گەندەڵکاران وەک پەنابەر لە وڵاتان دەژین و گەڕاندنەوەیان قورسە

KNN : Kurdish News Network
03:46 - 11/07/2026
عێراق
+
-

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، ئامادەکردنی ڕەشنووسی چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی بۆ وەرگرتنەوەی پارە براوەکان و ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران ڕاگەیاند.

 

عەباس موتعب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەرگرتنەوە لە دەستەی دەستپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی سندووقی وەرگرتنەوەی پارەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، هەندێک وڵات لە دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی کەسانی گەندەڵکاردا هاوکار نین و هۆکاری تایبەت بەخۆیان هەیە، لە بەرامبەریشدا چەند وڵاتێکی دیکە لەم پرسەدا هاوکارن.

 

 ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانگەکەیان ڕەشنووسی بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئامادە کردووە و بەدواداچوونیش بۆ گۆڕانکارییەکان دەکەن، بەڵام یاسا ناوخۆییەکانی هەندێک وڵات ڕێگە نادەن ئەو ڕێکارانە بگیرێنەبەر کە عێراق داوایان دەکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیشیکردەوە، عێراق پەنا بۆ دانوستان دەبات و چەند میکانیزمێکی جێگرەوەشی لەگەڵ وڵاتاندا هەیە بۆ دروستکردنی هەماهەنگی. هۆکاری هاوکارینەکردنی بەشێک لە وڵاتانیشی بۆ هۆکاری جیاوازی ئابووری و مرۆیی گەڕاندەوە، بەتایبەتی لەو کاتانەی کە کەسی گەندەڵکار وەک پەنابەر لەو وڵاتانە دەژی، ئەمەش پرۆسەی ڕادەستکردنەوەیان قورس دەکات.

 

پێشتر حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، چەند ڕێکارێکی بۆ ڕاوەدوونانی داواکراوانی دۆسیەکانی گەندەڵی و کاراکردنی ڕێکارە دادوەرییەکان گرتەبەر، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق.

 

لەو چوارچێوەیەشدا دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕێککەوتنێکی هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی ناوەندیی نیشتمانیی ئینتەرپوڵ لە بەغدا واژۆکرد، بۆ دەستگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە سیستەمی زانیارییەکانی ئینتەرپوڵ بەمەبەستی ئاگاداربوون لە زانیاریی داواکراوان و فراوانکردنی بازنەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی.

76 جار خوێندراوەتەوە