ئەنجومەنی
باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی بریکاری
وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، بڕی 375 کیلۆگرام زێڕیان دەستبەسەردا گرتووە و
ڕادەستی بانکی ناوەندیی عێراقیان کردووە.
دادوەری
لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی ناوەندی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی ئاشکرایکرد، بە
هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بە سەرپەرشتی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی
باڵای دادوەری، توانراوە بڕی 358 کیلۆگرام زێڕ بگەڕێندرێتەوە. هاوکات لە دۆسیەیەکی دیکەی
لێکۆڵینەوەدا 17 کیلۆگرامی دیکە دەستی بەسەردا گیراوە، بەمەش کۆی گشتی ئەو زێڕەی
ئەمڕۆ دووشەممە (13ی تەممووزی 2026) پارێزراوە گەیشتووەتە 375 کیلۆگرام.
ئەوەشی
خستەڕوو، بڕە زێڕە گەڕێندراوەکە ڕادەستی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دەرکردن و
خەزێنە لە بانکی ناوەندی و جێگرەکەی کراوە.
ئەم هەنگاوەش
لە چوارچێوەی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکاندایە لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری
دەستبەسەرکراوی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەرجەم
ئەو سامانە گوازراوە و نەگوازراوانەی لەو تاوانەدا بەدەستهێنراون و سزادانی
تاوانباران بەپێی یاسا.
44 جار خوێندراوەتەوە