سروە محەمەد: تاوەکو ساڵی 2027 کێشەی مووچەی هەرێمی کوردستان دروست نابێتەوە

KNN : Kurdish News Network
12:28 - 05/07/2026
ئابوری
+
-

سروە محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەم هەفتەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و کێشەی مووچە تا ساڵی 2027 بەتەواوی چارەسەر کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، دواکەوتنی مووچە لەم چەند ڕۆژەدا تەنها پەیوەندی بە تەواونەکردنی دابەشکردنی مووچەی عێراقەوە هەیە، چونکە هێشتا بەشێک لە دامەزراوەکانی بەغداش مووچەیان وەرنەگرتووە.

 

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رۆژەڤی کەناڵی KNN رایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە، ئەنجومەنی ئابووری عێراق و وەزیری دارایی داوایان لە شاندی هەرێمی کوردستان کردووە بەهۆی کەمبوونەوەی داهات و ئەو قەیرانە ئابوورییانەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، نیوەی ئەو 120 ملیار دینارەی داهاتی ناوخۆ کە بڕیارە هەرێم ڕادەستی بەغدای بکات، بۆیان بنێردرێت کە دەکاتە نزیکەی 70 بۆ 75 ملیار دینار.

 

جەختیشیکردەوە، ئەگەر ئەو بڕە پارەیە کەم بکرێتەوە یان هەر وەک خۆی بمێنێتەوە، هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست نابێت و لە کاتی خۆیدا دەنێردرێت، بەڵام ئەگەر هەرێم داهاتەکە ڕادەست نەکات، ئەوا لەو پارەیەی بۆ مووچەخۆران دەنێردرێت دەبڕدرێت.

 

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەش، سروە محەمەد ئاشکرایکرد، هێشتا بەشێک لە وەزارەتەکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش مووچەیان وەرنەگرتووە و بڕیارە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە مووچەکانیان پێبدرێت، دەستبەجێ دوای ئەوەش مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

 

ئەوەشی خستەڕوو کە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت و مووچەخۆرانی هەرێم دڵنیا دەکاتەوە کە تا کاتی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، کێشەی مووچە سەرهەڵناداتەوە.

272 جار خوێندراوەتەوە