وەزیری دارایی عێراق: سیستمێکی نوێی دارایی جێبەجێ دەکەین

KNN : Kurdish News Network
03:14 - 07/07/2026
ئابوری
+
-

وەزیری دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، قۆناغی یەکەمی سیستەمی "بودجەی بەرنامە و کارایی" کەرتی کارەبا و هەردوو پارێزگای دیوانیە و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، بڕیاریشە لە سێ ساڵی داهاتوودا سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرێتەوە.

 

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەمەبەستی ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ پرۆژەیاسای بودجەی داهاتوو بە هەماهەنگی لەگەڵ پەرلەمان و بانکی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە کرد، هەڵبژاردنی وەزارەتی کارەبا بۆ ئەو قۆناغە بەهۆی ئەوەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا پارەیەکی زۆری خەرجکردووە بێ ئەوەی ئەنجامی خواستراو بەدەستبهێنێت. بۆیە جەختی کردەوە لە پێویستیی جێبەجێکردنی بودجەی بەرنامە بۆ زامنکردنی چارەسەری بەردەوام و بەدەستهێنانی ئەنجامی پێوانەکراو لەو کەرتەدا.

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنی هەردوو پارێزگای دیوانیە و سەڵاحەدینیش، وەزیری دارایی ڕوونیکردەوە کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێویستیی زۆری ئەو دوو پارێزگایە بە پێشخستنی پرۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان، تاوەکو سەرچاوەکان بەپێی پێداویستییە لەپێشینەکان ئاراستە بکرێن و زۆرترین سوود لە تەرخانکراوە داراییەکان وەربگیرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی ئەندامانی لیژنەکەی لە دۆخی دارایی ئێستا و ئەو ڕێکارانە ئاگادارکردەوە کە وەزارەتەکەی بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکان و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان گرتوویەتیەبەر، ئەوەش بەمەبەستی بەردەوامیی پارەدارکردنی پرۆژەکان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتییان. هاوکات کۆبوونەوەکە هاوڕایی هەردوولای لەسەر لەپێشینەکانی چاکسازیی دارایی و بەردەوامیی هەماهەنگییەکان بۆ سەرخستنی پرۆژەیاسای بودجەی داهاتوو بەخۆیەوە بینی.

194 جار خوێندراوەتەوە