پێشبینی بارانی بەخوڕ و بەفری پێشوەختە بۆ هەرێمی کوردستان دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
09:16 - 06/07/2026
کوردستان
+
-

نوێترین پێشبینییەکانی کەشناسی ئاماژە بە گۆڕانکاریی جیاواز و ناوازە لە کەشوهەوای هاوین و پایزی ئەمساڵی 2026 دەکەن، بە جۆرێک بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای کەشناسیی ئەوروپی و شارەزایانی ناوخۆیی، هەرێمی کوردستان بەرەو وەرزێکی مێژوویی و پڕباران هەنگاو دەنێت کە تێیدا ئەگەری هاتنی شەپۆلی سارد، بارینی بەفری پێشوەختە و دروستبوونی لافاو چاوەڕوانکراوە.

 

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاندووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی زەریای هێمن (دیاردەی ئێڵ نینۆ) لەگەڵ ڕۆژئاوای زەریای هیندی (+IOD) بۆ سەروو تێکڕاکانی لە وەرزی پایزی 2026دا، ئەنجامێکی ئەرێنی باش بۆ ناوچەکە بەدی دەکرێت کە خۆی لە زوو دەستپێکردنی باران لە مانگی ئەیلولدا دەبینێتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی بارانی باش لە مانگی تشرینی یەکەمدا.

 

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە گۆڕانکارییەکی جیاواز لە کەشوهەوای هاوین و پایزی ئەمساڵدا دەبینرێت و یەکێک لە پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکان هاتنی هەوای ساردە لە مانگەکانی هاویندا و بارینی بەفرە لە مانگەکانی پایزدا زووتر لە وادەی خۆی، بەوپێیەی ئێستاش هاوینەکە تا ڕادەیەک جیاوازتر بووە لە ساڵانی ڕابردوو.

 

لەلایەکی دیکەوە، شاڵاو هیدایەت شارەزای کەشناسی ئاشکرایکردووە کە جەمسەری باکوور داڕمانی باشی هەیە لە هێنانەخوارەوەی بارستە هەوای سارد و فێنک تا ئێستا، ئەمەش ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێت، پایزێکی مێژوویی و پڕبارانی لێدەکەوێتەوە کە زۆترین لافاو و تەرزەی قەبارە گەورەی تێدا تۆمار دەکرێت.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دەزگای کەشناسیی ئیکمۆفی ئەوروپی لە نوێترین ئەپدێتی خۆیدا، بارانبارینی مانگەکانی ئاب، ئەیلول و تشرینی یەکەمی 2026ی بە ئاستی بەرز و لەسەرووی نۆڕماڵ بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان داناوە. بەپێی ئەم پێشبینییانە، وەرزی داهاتووی بارانبارینی 2026-2027 زۆر پڕبارانتر دەبێت لە حەوت پایزی ڕابردوو و زووتر لە ساڵانی پێشوو زەوی پەڵە دەدات.

424 جار خوێندراوەتەوە