وەزارەتی دارایی: پەتی درۆ کورتە، داوای دواخستنی مووچەمان نەکردووە

KNN : Kurdish News Network
03:03 - 04/07/2026
ئابوری
+
-

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە شاندەکەیان لە سەردانەکانیدا بۆ بەغدا داوای دواخستنی مووچەی مانگی حوزەیرانی کردبێت و ئەو دەنگۆیانە بە "هەڵمەتێکی چەواشەکارانە" ناودەبات.

 

وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا جەخت لەوە دەکاتەوە، شاندەکە پابەندە بە بڕیاری دادگای فیدراڵییەوە کە مووچەی بەدەرکردووە لە هەر کێشەیەکی سیاسی و تەکنیکی، هەر بۆیە ئەو قسانەی باس لە داواکردنی دواخستنی مووچە دەکەن، "هیچ پەیوەندییەکیان بە ڕاستییەوە نییە".

 

سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی ئاشکرای دەکات کە سەردانەکە بۆ چارەسەرکردنی چەند پرسێکی دارایی بووە، لەوانە: کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و جێبەجێکردنی سیستەمی ئاسیکۆدا، کێشەکانی باج و کۆمپانیاکانی هەرێم، هەروەها لێخۆشبوونی گومرگی و پرسی کوالیتی کۆنترۆڵ.

 

سەبارەت بە داهاتی ناوخۆش، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کۆبوونەوەیەکی لاوەکیدا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، شاندی هەرێم داوای کردووە بەپێی یاسای بودجە و یاسای ئیدارەدانی دارایی مامەڵە لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم بکرێت، بەجۆرێک 50٪ی داهاتەکان ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.

 

لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی ڕوونی دەکاتەوە کە بەپێی یاسا، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەکەوێتە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی دواتر، بۆیە "چۆن دەکرێت بەو بیانووە مووچە ڕابگیرێت و دوابخرێت؟".

131 جار خوێندراوەتەوە