مەزهەر محەمەد ساڵح: کۆی قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق 100 ترلیۆن دینارە

KNN : Kurdish News Network
11:18 - 04/07/2026
ئابوری
+
-

ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کۆی گشتیی قەرزی گشتیی عێراق هێشتا لە چوارچێوەی ئەو سنوورەدایە کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، ئاشکراشی دەکات کە پلانەکانی حکومەت ئامانجیان ئەوەیە لە ماوەی دە ساڵی داهاتوودا داهاتە نانەوتییەکان بۆ 45٪ بەرز بکەنەوە.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، قسەکردن لەسەر چوونە ناو قۆناغی مەترسی کاتێک قەرزی گشتی لە 40٪ی داهاتی گشتی تێپەڕێت، دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک پێوەری دیکەی داراییدا بخوێنرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە بەشە هەرە زۆرەکەی قەرزەکانی عێراق قەرزی ناوخۆیین و قەرزی دەرەکی لەم ساڵانەی دواییدا پاشەکشەی کردووە، بەڵام مەترسییە ڕاستەقینەکە پشتبەستنی تەواوەتیی داهاتی گشتییە بە نەوت، کە بەهۆیەوە هەر دابەزینێکی نرخی نەوت کاریگەریی گەورە لەسەر بودجە جێدەهێڵێت.

 

ئەو ڕاوێژکارە ڕوونیکردووەتەوە، ئەو قەرزە دەرەکییەی کە دەبێت تا ساڵی 2028 بدرێتەوە لە 9 ملیار دۆلار تێپەڕ ناکات، ئەگەر قەرزی ناوخۆییشی بخرێتە سەر، کۆی گشتیی قەرزەکان دەکاتە 36٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی، ئەمەش هێشتا لە خوار پێوەرە جیهانییەکانەوەیە کە 60٪ـە. هەروەها پێشبینی دەکات لە ئەگەری یەکلابوونەوەی ڕێککەوتنی یانەی پاریس بۆ ساڵی 2004، کە پەیوەستە بە هەشت وڵاتەوە، ڕەنگە 80٪ی قەرزە هەڵپەسێردراوەکان بسڕێنەوە.

 

سەبارەت بە قەرزە ناوخۆییەکانیش، مەزهەر محەمەد ساڵح ئاشکرای کرد کە بڕەکەی لە 100 ترلیۆن دینار (نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلار) تێپەڕیوە. هاوکات باسی لەوەش کرد کە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێی وایە ئاڵەنگاریی سەرەکیی عێراق قەبارەی قەرزەکان نییە، بەڵکو کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتە. بۆ ئەم مەبەستەش، سیاسەتی دارایی ئێستا کار دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی باشترکردنی سیستەمی باج و گومرگ و بەئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانەوە، لە 10 ساڵی داهاتوودا داهاتی نانەوتی لە 10٪ـەوە بۆ 45٪ بەرز بکاتەوە. لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمەڵێک پارەی کەڵەکەبوو هەن کە شایستەی دارایی جوتیاران و بەڵێندەرانن، ئەگەر نەدرێن، دەچنە چوارچێوەی قەرزە ناوخۆییەکانەوە.

38 جار خوێندراوەتەوە