پەیوەندییە
گشتییەکانی سوپای ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر چەند
ناوچەیەکی وڵاتەکەیان و یەکەکانی سوپا، بە ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی
هێرشبەر پێگە و ناوەندە ستراتیژییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج.
لە
ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئێراندا هاتووە: "کاتژمێرێک لەمەوبەر و لە درێژەی
هێرشەکانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بە
قەبارەیەکی گەورە لە جۆرە جیاوازەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وێرانکەر، هێرشمان
کردووەتە سەر سیستەمی پاتریۆت لە کوەیت، (وێستگەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە) لە
قەتەر، هەروەها کۆگاکانی سووتەمەنی سوپای ئەمریکا لە بەحرەین".
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیان لەوە
کردووەتەوە کە لەژێر فەرماندەیی باڵادا، بەوپەڕی هێزەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە و بەهیچ
شێوەیەک ڕێگە نادەن ئامانج و ئارەزووەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
بێنە دی، هەروەها تا سەرکەوتنی کۆتایی بەرگری لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی دەکەن.
158 جار خوێندراوەتەوە