ترەمپ: ئێرانییەکان دەیانەوێت بمکوژن

KNN : Kurdish News Network
07:57 - 08/07/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ ڕایدەگەیەنێت، جەنگ لەگەڵ ئێران لە ڕووی سەربازییەوە سەرکەوتوو بووە و توانیویانە سوپای ئەو وڵاتە لەناو ببەن. هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، ڕێککەوتوون لەسەر زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکان بۆ 5٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی.

 

لە نوێترین لێدوانیدا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو ڕێکارانەی بەرامبەر ئێران گرتوویانەتەبەر، دەبوو 47 ساڵ پێش ئێستا ئەنجام بدرابان. ڕوونیشیکردەوە کە سوپای ئێرانیان وێران کردووە، 59 کەشتییان نوقم کردووە، سەدان فڕۆکە و ڕاداریان تێکشکاندووە و سەرکردەکانی ڕیزی یەکەم و دووەمی ئەو وڵاتەیان لەناو بردووە.

 

 ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا سەرکردەکانی ڕیزی سێیەم لە ئێران ماون و دەیەوێت کۆتایی بەو پرسە بهێنێت و نایەوێت یاری لەگەڵ سەرکردەکانی ئێستادا بکات. هەروەها وتی: ئێرانییەکان کەشتییەکانیان بۆردومان کرد، ئێمەش بە هێرشی دە هێندە بەهێزتر وەڵاممان دانەوە. لەم جەنگەشدا ئەوروپییەکان هیچ هاوکارییەکی ئەمریکایان نەکردووە و پێویستیشیان بە هاوکارییان نەبووە.

 

ترەمپ مەترسییەکانی سەر ژیانی خۆی نەشاردەوە و ڕایگەیاند کە پێدەچێت ئێرانییەکان هەوڵی کوشتنی بدەن، چونکە ئەو ئامانجی ژمارە یەکی ئەوانە. سەبارەت بە چەکی ئەتۆمیش، ترەمپ هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە کە هەرگیز قبوڵ ناکەن کەسانی "شێت" ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام پێی وایە سەرکردەکانی ئێستای ئێران عەقڵانیتر بوون.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەسەر لووتکەی ناتۆ، ترەمپ گرنگیی لووتکەکەی لە تورکیا بەرز نرخاند و باسی لەوە کرد کە چەندین کۆبوونەوەی دووقۆڵی و گفتوگۆی گرنگیان لەگەڵ سەرکردەکان ئەنجامداوە. ڕایگەیاند کە بڕیاردراوە خەرجیی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە 2٪ەوە بۆ 5٪ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا گەورەترین پشتیوانی دارایی و سەربازیی ناتۆیە و پێویستە خێراتر کەرەستەی بەرگری بەرهەم بهێنن. سەبارەت بە تورکیاش، ڕایگەیاند کە بڕیاری پێویست دەدەن بۆ پێدانی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 35 بە ئەنقەرە، چونکە تورکیا دووەم بەهێزترین وڵاتی ناتۆیە.

 

لە کۆتاییدا سەبارەت بە نرخی نەوت، ترەمپ دڵنیایی دا کە بەرزبوونەوەی نرخەکان کەم بووە و دووبارە دادەبەزێتەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە بەشێکی زۆری نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت و ئەمریکا خوازیاری جەنگێکی درێژخایەن نییە.

72 جار خوێندراوەتەوە