ترەمپ: رەنگە ئەمشەو هێرش بکەینەوە سەر ئێران

KNN : Kurdish News Network
04:09 - 08/07/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی توند دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر هەیە ئەمشەو جارێکی دیکە هێرش بکەنەوە سەر ئەو وڵاتە. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

 

لە لێدوانێکی نوێدا بۆ میدیاکان، دۆناڵد ترەمپ ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئێران گرت و ڕایگەیاند: "ئێرانییەکان بە شێوەیەکی زۆر خراپ هەڵسوکەوت دەکەن، ڕێک هەمان ئەو کارە دەکەن کە ماوەی ٤٧ ساڵە بەردەوامن لێی". هەروەها ئاماژەی بە گرژییەکانی ئەم دواییە کرد و وتی: "دوای ئەوەی کەشتییەکانیان لە گەرووی هورمز کردە ئامانج، ئێمەش بۆردومانمان کردن."

 

ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە دڵخۆش نییە بەو هەنگاوانەی ئێران دەیاننێت، بەڵام ڕوونیکردەوە کە پرسەکە پەیوەندی بە گۆڕینی ڕژێمی ئەو وڵاتەوە نییە، بەڵکو تەنها نایانەوێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ترەمپ مەترسییەکانی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە خستەڕوو و وتی: "ناکرێت ئێرانییەکان ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەگەر ئەو چەکەیان هەبوایە، بێگومان بەکاریان دەهێنا."

26 جار خوێندراوەتەوە