سوپای ئەمریکا: ئێران بە قورسی باجی پێشێلکردنی ئاگربەست دەدات

KNN : Kurdish News Network
09:11 - 09/07/2026
جیهان
+
-

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان قۆناغێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو کردووە و تیایدا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکادا هاتووە، هێرشەکان سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکان، کۆگاکانی هەڵگرتنی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەگەڵ تواناکانی دەریایی و ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەربازییەکانیان لە درێژایی کەناراوەکانی ئێران کردووەتە ئامانج.

 

سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکان، فەرماندەییەکە ئاشکرایکردووە، ئامانج لەو گورزە نوێیانە لاوازکردنی تواناکانی تارانە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانی و مەدەنییەکان لە گەرووی هورمز. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکان بۆ ئەوەن ئێران باجێکی قورس بدات لەپای پێشێلکردنی ئاگربەست و بەئامانجگرتنی سێ کەشتیی بازرگانی لەو گەرووەدا.

 

لە کۆتاییدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشی و هۆشياریدان بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێک کە لەلایەن فەرماندەی گشتییەوە ئاراستەیان بكرێت.

92 جار خوێندراوەتەوە