ناتۆ لە
بەیاننامەی کۆتایی لووتکەی ئەنقەرەدا پابەندبوونی بە بەرگریی بەکۆمەڵ دووپاتکردەوە
و هۆشداریی توندی دایە ئێران.
سەرکردەکانی
هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە بەیاننامەی کۆتایی لووتکەی ئەنقەرەدا،
پابەندبوونی تەواوی خۆیان بە بنەمای بەرگریی بەکۆمەڵ دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند،
هەر هێرشێک بۆ سەر دەوڵەتێکی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە، بە هێرش بۆ سەر تەواوی
هاوپەیمانان هەژمار دەکرێت. هاوژین لەگەڵ ئەمەشدا، قادەکانی حەلفەکە ڕێککەوتن
لەسەر زیادکردنی خەرجییە بەرگرییەکان و بەڵێنیاندا کە توانای پیشەسازیی سەربازیی
خۆیان بەشێوەیەکی بەرفراوان گەشە پێبدەن.
سەرکردەکانی
ناتۆ لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ چوارشەممە (8ی تەمووزی 2026)دا، پاڵپشتیی بەردەوامی
خۆیان بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و بە فەرمی ڕایانگەیاند کە لەمساڵدا (2026)،
هاوکاریی سەربازی بە بەهای 70 ملیار یۆرۆ پێشکەش بە کیێڤ دەکەن.
لە پاڵ
ئەمەشدا، جەخت لەسەر پەرەپێدانی خێرای توانای سەربازیی هاوپەیمانێتییەکە
کراوەتەوە، بەتایبەتی لە بواری بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و
بەرپەرچدانەوەی مووشەکیدا.
لە بەشێکی
دیکەی بەیاننامەی کۆتایی لووتکەکەدا، پرسی ئێران و ئاسایشی ناوچەکە تیشکی
خرایەسەر؛ سەرکردەکانی ناتۆ جارێکی دیکە جەختیان لەسەر زەروورەتی ڕێگریکردن لە
ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی کردەوە. هاوکات داوایان لە تاران کرد کە بە
تەواوی پابەندبێت بە ڕێزگرتن لە ئازادیی کەشتیوانی و هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی
ستراتیژیی هورمزدا، وەک بەشێک لە پاراستنی ئاسایشی هێڵە بازرگانییەکانی جیهان.
15 جار خوێندراوەتەوە