ئەحمەد شەرع،
سەرۆکی سووریا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، جەختیان لەسەر بنیاتنانی
قۆناغێکی نوێی هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.
ئەحمەد شەرع،
سەرۆکی سووریا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە ڕێگەی پێگە جوگرافییەکەیەوە ڕۆڵە
زیندووەکەی خۆی لە ناوچەکەدا گەڕاندووەتەوە و ئێستا سووریا بووەتە گرێچنەیەکی
بەستنەوەی بێ هاوتا و سەرەکی لە بازاڕی ڕاڕەوە جیهانییەکاندا.
سەرۆکی سووریا
وتی: "دەمانەوێت فەڕەنسا ببێتە هاوبەشی یەکەممان لە بازاڕە جیهانییەکاندا،
هەر کەسێکیش زوو وەبەرهێنان لە سووریادا بکات، زوو قازانج دەکات."
ئاماژەی
بەوەشکرد، لە ئێستادا کار دەکەن بۆ بنیاتنانی چوارچێوەیەکی یاسایی بە مەبەستی
پاراستنی وەبەرهێنەران و ئەنجامدانی چاکسازیی بانکی بۆ دەستەبەرکردنی ڕەوتی ئاسانی
کارەکان، جەختیشی کردەوە کە هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ فەڕەنسا دەبێتە نموونەیەک بۆ
هاوبەشی لەگەڵ ئەوروپا و تەواوی جیهاندا.
لە لای خۆیەوە،
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کار بۆ ڕەخساندنی سەرجەم
مەرجەکان دەکات بە مەبەستی گەڕانەوەی پەنابەران بۆ سووریا، وتیشی: "هیچ شتێک
ناتوانێت خواستی سوورییەکان بۆ ژیان لە ناو وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئاسایشی
تەواودا تێکبشکێنێت."
ماکرۆن
دووپاتیکردەوە کە سەردانەکەی بۆ سووریا بەردەوام دەبێت و ڕایگەیاند: "ئێمە
یەکەم لایەن بووین کە سزاکانمان لەسەر سووریا هەڵگرت، پلان و بەرنامەی تریشمان
هەیە بۆ بەردەوامبوونی کارە هاوبەشەکانمان لەگەڵ دیمەشق."
سەرۆکی فەڕەنسا
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بوونی چەندین ئاڵنگاری لەبەردەم سووریادا، بەڵام هاوکات
دەرفەتی گەورەش بۆ کۆمپانیا فەڕەنسییەکان ڕەخساون، ڕاشیگەیاند کە کار دەکەن بۆ
گۆڕینی سووریا بۆ پڕۆژەیەکی هەرێمی و لەو چوارچێوەیەشدا لێژنەی ئابووریی هاوبەش
پێکدەهێنن کە بە شێوەیەکی خولی کۆدەبنەوە. ماکرۆن بەڵێنی هاوکاریی فەڕەنسا و
یەکێتیی ئەوروپای بۆ سووریا دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "هەمیشە لە پاڵ گەلی
سووریا و بەرژەوەندییەکانیاندا دەوەستین و هەرگیز دەستبەرداریان نابین."
86 جار خوێندراوەتەوە