هێرشێکی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان 4 کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 30/06/2026
کوردستان
+
-

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو ئەندامی کوردی سوپای پاسداران کوژران و دوانی دیکەش برینداربوون، هاوکات شەڕ و پێکدادانی چڕ لە نێوان گەریلاکانی پەژاک و هێزەکانی ئێران لە نزیک مەهاباد بەردەوامە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە هێرشەکەی شاری پاوەدا هەردوو ئەندامەکەی سوپای پاسداران بە ناوەکانی (خالید خالیدی) و (بورهان کریسانی) کوژراون، هەروەها دوو چەکداری دیکەی سەر بە حکومەتیش برینداربوون.

 

لەلایەکی دیکەوە، یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، باڵی سەربازیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) ڕایگەیاند، بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانیان و هێزەکانی حکومەتی ئێران لە ناوچەی شارستێن لەسەر ڕێگەی مەهاباد – پیرانشار بەردەوامە. ئەو شەڕە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەستیپێکردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوچەکە بەتەواوەتی بە سەربازیی کراوە و باس لە کوژران و برینداربوونی چەند ئەندامێکی هێزەکانی ئێرانیش دەکرێت لەو ڕووبەڕووبوونەوانەدا.

 

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان، هەفتەی ڕابردوو دوابەدوای هێرشێکی درۆنیی هێزەکانی ئێران بۆ سەر گەریلاکانی پەژاک لە کوێستانەکانی پشت گوندی شوێی سەر بە شاری بانە، گەریلاکانی ئەو حزبە هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئێران لەسەر ڕێگەی بانە - سەقز، کە بەهۆیەوە دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.

151 جار خوێندراوەتەوە