سوپای تورکیا بە 6 مەرجی قورس رێگە بە گەڕانەوە گوندنشینانی زاخۆ بۆ گوندەکانیان دەدات

KNN : Kurdish News Network
02:15 - 29/06/2026
عێراق
+
-

دوای زیاتر لە شەش ساڵ چۆڵکردنیان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە، سوپای تورکیا بە شەش مەرجی قورس ڕێگە بە دانیشتووانی نۆ گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەدات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، لە کاتێکدا ماڵەکانیان ڕووبەڕووی وێرانکاری و تاڵانکردن بوونەتەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی کامەران عوسمان لە تیمی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگەیی (CPT)، ماوەی نزیکەی مانگێکە دانیشتووانی 21 گوندی سنووری زاخۆ هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە گوندەکانیان. دوای فشاری زۆری گوندنشینان، لە ڕۆژی (26ی حوزەیران)ەوە، سوپای تورکیا ڕێگەی بە دانیشتووانی نۆ گوند لە ناوچەی گەلی پساغا داوە کە بگەڕێنەوە، گوندەکانیش بریتین لە (بازنگیرا، گوندۆک، گەورک، کڕکڕانک، پەترۆمە، کەلۆک، مارسیس، ئەلانش و ئێرێ).

 

گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییانە بەپێی شەش مەرجی توندە کە لەلایەن سوپای تورکیاوە سەپێنراون، مەرجەکانیش بریتین لە:

 

مانەوە لە گوندەکان تەنها لە کاتژمێر 6ی بەیانی بۆ 7ی ئێوارە ڕێگەپێدراوە و کەس بۆی نییە لە دوای 7ی ئێوارە بمێنێتەوە.

 

قەدەغەکردنی هەڵگرتنی هەر جۆرە چەک و ئامێرێکی بڕەر، تەنانەت چەکی ڕاوکردنیش.

 

بردنەژوورەوەی خۆراک تەنها بۆ یەک ڕۆژ ڕێگەپێدراوە و گوندنشینان ناتوانن خۆراکی زیاتریان پێبێت.

 

لە کاتی تێپەڕبوون بە بازگەکانی تورکیادا، ناسنامە و زانیاریی کەسیی سەرجەم سەرنشینان وەردەگیرێت و تۆمار دەکرێت.

 

شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان بەرپرسیار دەکرێن لە گەڕانەوەی سەرجەم سەرنشینەکان لە کاتی ئێوارەدا، و لە ئەگەری نەگەڕانەوەی هەر سەرنشینێک، شۆفێرەکە لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستگیر دەکرێت.

 

سەربازانی تورکیا لە ڕێگەی تۆماری دیجیتاڵییەوە پاشخانی ئەمنیی گوندنشینان دەپشکنن، و هەر کەسێک تۆمەتبار بێت بە هاوکاریکردنی گەریلا لە ڕابردوودا، دەستگیر دەکرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، دیمەنەکانی ناوچەکە ئاسەواری وێرانکاریی شەڕ لەناو ماڵی گوندنشینانی گوندی (مارسیس) پیشان دەدەن. بەپێی ڕاپۆرتەکەی (CPT)، سوپای تورکیا بۆردومانی بەشێک لە ماڵەکانی کردووە، و دوای داگیرکردنی گوندەکە، سەربازان کەلوپەل و ئامێری کارەبایی ماڵەکانیان تاڵان کردووە.

250 جار خوێندراوەتەوە