دەستەی کەشناسی
عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، وردەکارییەکانی ڕەوشی کەشوهەوای وڵاتی بۆ ڕۆژانی داهاتوو
ڕاگەیاند و پێشبینی دەکات شەپۆلێکی خۆڵبارین دروست ببێت و پلەکانی گەرماش
بەرزببنەوە.
لە
ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە، سبەینێ چوارشەممە کەشوهەوا لە سەرانسەری وڵاتدا
ساماڵ و گەرم دەبێت، پلەکانی گەرماش لە ناوچەکانی باشوور کەمێک بەرزدەبنەوە و لە
ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووریش نزیک دەبن لە تۆمارەکانی ڕۆژی پێشوو.
سەبارەت بە
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ چوارشەممە لە پارێزگاکانی عێراق و
هەرێمی کوردستان، دەستەکە ڕایگەیاندووە کە لە دهۆک و سلێمانی (40) پلە، هەولێر (42)،
نەینەوا و ئەنبار (43)، کەرکوک (44)، بەغدا، سەڵاحەدین، دیالە و واست (45)، بابل،
نەجەف، کەربەلا، دیوانیە و موسەننا (46)، هەروەها لە میسان، زیقار و بەسرە (47)
پلەی سەدی دەبێت.
ئەوەش
خراوەتەڕوو، ڕۆژی پێنجشەممە کەشوهەوا بەگشتی ساماڵ و گەرم دەبێت، خێرایی با لە
ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور چالاک دەبێت بۆ 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش
دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆڵبارین لە هەندێک ناوچەدا، هاوکات پلەکانی گەرماش لە
سەرانسەری وڵاتدا کەمێک بەرزدەبنەوە.
بۆ ڕۆژی
هەینیش، دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور
ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە باکووریش پەڵە هەور دەبێت. پێشبینیش دەکرێت بەهۆی
چالاکبوونی باوە لە ناوچەکانی باشوور خۆڵبارین دروست ببێت و پلەکانی گەرماش کەمێک
بەرزببنەوە، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست کەمێک نزم دەبنەوە و لە
باکووریش جێگیر دەبن.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە سەرانسەری وڵات کەشوهەوا ساماڵ و
گەرم دەبێت، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باشوور کەمێک نزم دەبنەوە و لە ناوەڕاست و
باکووریش بەراورد بە ڕۆژی پێشتر وەک خۆیان دەمێننەوە.
277 جار خوێندراوەتەوە