بەغدا و هەولێر لەسەر یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان ڕێککەوتن

KNN : Kurdish News Network
02:50 - 29/06/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووریی عێراق بە ئامادەبوونی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پشکنینی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت، بە مەبەستی بەفەرمیکردنی ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە و داخستنی ئەوانی دیکە.

 

ئەمڕۆ دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026)، فالح ساری، وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، سەرپەرشتیی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری کرد. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی وەزیرانی بازرگانی، پیشەسازی، کار، پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەندین بەرپرسی دیکەی فیدراڵی بەڕێوەچوو. هاوکات میوانداریی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی هەرێم و ئەندامێتیی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی گومرگ و باج کرا، بۆ تاوتوێکردنی یەکخستنی ڕێکارەکانی گومرگ و باج لە دەروازە سنوورییەکان.

 

دوای گوێگرتن لە ڕاپۆرتی لیژنە هاوبەشەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکودا (ASYCUDA) بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان، ئەنجومەنەکە سێ بڕیاری سەرەکی دەرکرد. بڕیاری یەکەم پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشە بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی فیدراڵی، بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوییەکی تەواوی شریتی سنووری و سەردانیکردنی مەرزە نافەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی دیاریکردنی ئەو دەروازانەی ژێرخانیان گونجاوە بۆ بەفەرمیکردن و داخستنی ئەوانەی دیکە، هاوکات ڕاسپاردنی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری فیدراڵی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.

 

لە بڕیارێکی دیکەدا، وەزارەتی دارایی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردرا بۆ ئامادەکردنی نامیلکەیەکی یەکگرتوو تایبەت بە لێخۆشبوون و ئاسانکارییە گومرگییەکان، تاوەکو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە پەسەند بکرێت و لە سەرجەم دەروازەکان کاری پێ بکرێت. هەروەها بڕیاردرا پێشنیازی هەردوولا سەبارەت بە میکانیزمی کۆکردنەوەی داهات لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی بکرێت بۆ بڕیاردان لەسەری.

269 جار خوێندراوەتەوە