وەزیری
پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دروستکردنی دوو دەڤەری
سەرکردایەتیی سەربازی و 11 فیرقەی پیادە لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە،
وەرچەرخان و هەنگاوێکی گرنگە بۆ بونیادنانی سوپای نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە
بەوەش دەکات کە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتەکەیاندا بەڕێژەی 95٪ جێبەجێ کراوە.
لە ڕێوڕەسمی
یەکگرتنەوەی فەرماندەیی دەڤەری یەک و دووی هێزەکانی پێشمەرگەدا، شۆڕش ئیسماعیل،
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەو ڕاهێنانە سەربازییەی بۆ ئەفسەرانی باڵای هەردوو
فەرماندەییەکە ڕێکخراوە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکخستنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی
سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگە و دروستکردنی بڕیار لە هەموو دۆخێکدا.
جەختیشی لەوە
کردەوە کە هێزی پێشمەرگە تەنیا هێزێکی چەکداری کاتی نییە، بەڵکوو ناسنامەی
نیشتمانیی نەتەوەی کوردە و بەهێزبوونی پێشمەرگە بە واتای بەهێزبوونی ئاشتی و
ئارامی دێت لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە
پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد
کە هەمیشە چاویان لەوەیە هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریکا لەگەڵیان بن تا
بەئەنجامگەیاندنی یەکخستنەوەی تەواوەتی هێزەکان.
ڕوونیشیکردەوە
کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی هەیانە بە شێوەیەک
لە شێوەکان بەردەوام دەبێت، چونکە هێزی پێشمەرگە ئێستا لە قۆناغی نوێی بونیادنان و
گەشەسەندن و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتردایە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی
کوردستان.
95 جار خوێندراوەتەوە