پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و ئەگەری خۆڵبارینیش هەیە

KNN : Kurdish News Network
01:46 - 29/06/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی شەپۆلێکی سووکی تۆزوخۆڵ، هاوکات سبەینێ سێشەممە پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

 

بەپێی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026)، ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵێکی سووک هەیە. ئاراستەی با بەرەو باکووری ڕۆژئاوا دەبێت و خێراییەکەی لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتردا دەبێت لە کاتژمێرێکدا، مەودای بینینیش لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا جێگیر دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، نزیک دەبن لە تۆمارەکانی دوێنێوە؛ گەرمیان بە 42 پلە گەرمترین و حاجی ئۆمەرانیش بە 26 پلەی سیلیزی فێنکترین ناوچەی هەرێمی کوردستان دەبن.

 

بۆ سبەینێ سێشەممە (30ی حوزەیرانی 2026)، کەشناسی پێشبینی دەکات کەشوهەوا بە تەواوی جێگیر بێت و ئاسمان ساماڵ بێت بەبێ بوونی تۆزوخۆڵ. هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ، یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت لە هەولێر 42، لە سلێمانی 39، لە دهۆک 41، لە هەڵەبجە 42، و لە گەرمیانیش بگاتە 44 پلەی سیلیزی.

129 جار خوێندراوەتەوە