مامۆستایەکی ئاینی لە کەلار دەستگیر کرا لەبەرامبەر پارەدا کێشەی "سێ تەڵاقە"ی بۆ ژن و مێردێک چارەسەر کردووە

KNN : Kurdish News Network
05:30 - 29/06/2026
کوردستان
+
-

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، مامۆستایەکی ئاینی لە قەزای کەلار  بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەبەرامبەر بڕێک پارەدا گرێبەستی هاوسەرگیریی بۆ ژن و پیاوێک کردووە کە لە ڕووی شەرعییەوە لێک حەرام کراون

 

عەقید سۆران محەمەدغەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێکدا بۆ KNN وردەکاریی زیاتری ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ژن و پیاوەکە پێشتر هاوسەری یەکتر بوون و پیاوەکە سێ تەڵاقی خواردووە، بەهۆیەوە ماوەی دوو ساڵە کەیسەکەیان لە دادگایە. بەڵام ئەو مامۆستا ئاینییە لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا تەڵاقەکەی بۆ چاککردوونەتەوە، لە کاتێکدا ئەو کارە پێچەوانەی یاسا و شەرعە و ، تا ئێستاش کەیسی ئەو ژن و پیاوە لە دادگا ماوە

 

لەبارەی مۆڵەتی فەرمی ئەو کەسەوە، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد کە تا ئێستا نازانن ئەو کەسە مۆڵەتی فەرمیی مەلایەتیی هەیە یان نا، بۆ ئەو مەبەستەش نووسراو ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقاف دەکەن بۆ وەرگرتنی زانیاریی دروست و یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە.

125 جار خوێندراوەتەوە