ترەمپ: هەوڵەکانی گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران سەرکەوتوو نەبوون

KNN : Kurdish News Network
12:57 - 16/06/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند؛ ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران پێدەنێتە قۆناغی دووەمەوە و بە ڕێککەوتنێکی "دادپەروەرانە و باش" وەسفی دەکات، هاوکات هۆشدارییەکی توندی دایە تاران کە ئەگەر هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، ئەوا ڕووبەڕووی "دۆزەخ" دەبێتەوە.

 

ترەمپ لە لێدوانەکانیدا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ میری قەتەر ئاماژەی بەوە کرد، پاڵنەری سەرەکیی واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بۆ ئەوە بووە کە ئێران بەهیچ شێوەیەک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا هیچ بڕە پارەیەک لە ناوخۆی ئێراندا وەبەرهێنان ناکات. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: "ئێمە لە ئێران مامەڵە لەگەڵ کەسانێکی باشدا دەکەین و توندڕەو نین، هەروەها هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ڕژێم لەو وڵاتە هەبوون بەڵام سەرکەوتوو نەبوون." هاوکات ڕوونیکردەوە کە ئەگەر لە ڕێککەوتنەکەی سەردەمی ئۆباما نەکشایەتەوە، ئێستا تاران خاوەنی چەکی ئەتۆمی دەبوو.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی قەتەر، ترەمپ ستایشی نێوەندگیریی ئەو وڵاتەی کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و بە "هۆکارێکی گرنگ و ئەرێنی" ناوی برد. هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێزێکی زۆریان بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی دۆخەکە هەیە لەلایەن قەتەرەوە و پێیوایە ئەو وڵاتە لە قەیرانی ئەم دواییەدا "ئازایانە" مامەڵەی کردووە.

164 جار خوێندراوەتەوە