میدیای ئیسرائیل: قەتەر بە ئاگاداری ئەمریکا پارەیەکی زۆری بە ئێران داوە

KNN : Kurdish News Network
10:54 - 16/06/2026
جیهان
+
-

ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هەیۆم" لە زاری سێ بەرپرسی دیپلۆماتییەوە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نهێنی ڕەزامەندیی لەسەر ڕێککەوتنێکی دارایی و دەریایی نێوان قەتەر و ئێران دەربڕیوە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ملیاران دۆلار دراوەتە تاران، لە بەرامبەر ڕێگەپێدانی بێبەرامبەر بە تێپەڕبوونی نەوتهەڵگر و کەشتییەکانی قەتەر بە گەرووی هورمزدا.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕەزامەندییە نهێنییەکەی ئەمریکا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر دراوە و هاوتەریب بووە لەگەڵ حەزی دەوحە بۆ کردنەوەی کەناڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران، کە دوای ئاگربرستەکە پەیوەندییەکانیان توندوتۆڵتر بووە.

 

 قەتەر هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ کڕینی ئارامیی ئەمنی گەڕاندووەتەوە، بەهۆی ترسی لە نوێبوونەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی، دوای ئەوەی یەکێک لە دامەزراوەکانی غازی ئەو وڵاتە لە کاتی شەڕەکەدا هێرشی کرابووە سەر.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی دوای ئاگربەستەکە کەوتنە بەر هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەڵام قەتەر هاوکاری دارایی ئێرانی کردووە و بە پارێزراوی ماوەتەوە. وەک بەشێک لەو ڕێککەوتنەش، ئێران داوای دەستڕاگەیشتن بە بەشێک لە سپاردە داراییەکانی لە قەتەر کردووە، لە کاتێکدا بەشێک لە پارەدانەکان لە ژێر ناوی "باجی تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرەکان" بە گەرووی هورمزدا شاردراونەتەوە. هاوکات هێڵێکی کریدیتی بەرفراوان تا یەک ملیار دۆلار بۆ کڕینی کاڵا لە ڕێگەی قەتەرەوە کراوەتەوە.

74 جار خوێندراوەتەوە