وەزیری بەرگریی
ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانیان بۆ کاتێکی نادیار لە لوبنان، سوریا و غەززە
دەمێننەوە و سەرەڕای فشارەکان بەهیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکەن، هەروەها ئاشکراشی
دەکات کە نەتانیاهۆ ئەو هەڵوێستەی بە دۆناڵد ترەمپ گەیاندووە.
یسرائیل کاتس،
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، خۆی و بنیامین
نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیران سیاسەتێکی ڕوون پەیڕەو دەکەن کە جەخت لە مانەوەی سوپای
ئیسرائیل لە ناوچە ئارامەکانی لوبنان، سوریا و غەززە دەکاتەوە بۆ کاتێکی نادیار.
جەختیشی لەوە
کردەوە کە سەرەڕای هەموو فشارەکان دژی کشانەوەی هێزەکانیانن لە لوبنان و بەپێی
پلانەکانیشیان، ناوچە سنوورییەکانی لوبنان لە دانیشتووانەکەی چۆڵ دەکرێن.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و
ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران لەسەر بنەمای پێشهاتەکانی لوبنان هێرش بکاتە سەر
ئیسرائیل، ئەوا بە هەموو هێزی خۆمانەوە هێرشی دەکەینە سەر و وەڵاممان دەبێت".
72 جار خوێندراوەتەوە