وەزارەتی
پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی وەزاریی نوێی بۆ ڕێکخستنی پرۆسەی
تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دەرکرد و تێیدا چەندین
ڕێکاری توندی بۆ ڕێگریکردن لە گزی (غەش) و بڵاوکردنەوەی پرسیارەکان ڕاگەیاند.
بەپێی
فەرمانەکە کە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لەسەرە بردنە ژوورەوەی هەر
جۆرە مۆبایلێک بۆ ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لەلایەن سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر و
چاودێرەکانەوە قەدەغەیە، جگە لەو مۆبایلە تایبەتەی بۆ بەڕێوەبەری هۆڵەکان
دابینکراوە. وەزارەت هۆشداری دەدات کە هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە وەک هاوکاریکردن بۆ
گزی هەژمار دەکرێت و سەرپێچیکار ڕووبەڕووی لێژنەی لێکۆڵینەوە دەکرێتەوە.
لە بەشێکی
دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە، پێویستە پێش چوونە ژوورەوە پشکنین بۆ خوێندکاران بکرێت
و هەبوونی هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، کاتژمێری زیرەک یان مۆبایل لەناو هۆڵدا بە گزی
دادەنرێت و بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەگەر
پەڕەی سۆمای خوێندکار بەبێ ناو بگەڕێتەوە، ئەوا نمرەکەی بە سفر هەژمار دەکرێت.
وەزارەتی
پەروەردە بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی قەدەغە کردووە و ڕایگەیاندووە، هیچ چاودێر و
سەرپەرشتیارێک مافی وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
نییە. لە کاتی بڵاوبوونەوەی هەر پرسیارێکیشدا، لە ڕێگەی میکانیزمێکی تایبەتەوە
خاوەنی پەڕەکە و بەڕێوەبەری هۆڵەکە دەستنیشان دەکرێن و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی
یاسایی دەکرێنەوە.
هاوکات،
مامۆستایان و فەرمانبەران بۆیان نییە دوای تاقیکردنەوەکان پرسیار و وەڵامی پۆلی 12ی
ئامادەیی بڵاوبکەنەوە، بەڵکو تەنها لێژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان مافی دیاریکردن و
بڵاوکردنەوەی وەڵامە نموونەییەکانی هەیە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە
پرۆسەی تاقیکردنەوەکان پێویستی بە ڕووماڵی میدیایی نییە و وتەبێژی وەزارەت زانیاری
و داتاکان بەبێ جیاوازی دەخاتە ڕوو بۆ هەموو میدیاکان.
518 جار خوێندراوەتەوە