میدیاکانی
ئیسرائیل وردەکاریی نوێ لەسەر هێرشەکەی سەر گەڕەکی زاحییە لە باشووری بەیرووت
بڵاودەکەنەوە و ئاشکرای دەکەن کە ئامانجی هێرشەکە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی
بووە، بەڵام گومان لە سەرکەوتنی هەوڵی تیرۆرکردنەکە دەکرێت، هەروەها هێرشەکە بە
هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بووە.
کەناڵی 15ی
ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەو کەسەی لە هێرشەکەی زاحییەدا کراوەتە ئامانج ناوی
"عەلی حوسەینی"ـیە. سەرەتا ناوبراو وەک فەرماندەی یەکەی موشەکیی حزبوڵا
ناسێندرا، بەڵام دواتر هەمان کەناڵ ڕوونیکردەوە کە عەلی حوسەینی بەرپرسی هێزی
موشەکییە لە فیرقەی "ئیمام حوسەین"، کە لیوایەکە و ڕاستەوخۆ سەر بە
فەیلەقی قودسی ئێرانییە.
لەلایەکی
دیکەوە، ئێزگەی سوپای ئیسرائیل گومانی خۆی سەبارەت بە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی
تیرۆرکردنی ئەو فەرماندەیە دەربڕیوە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
هاوکات کەناڵی 13ی
ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، هێرشەکەی سەر باشووری بەیرووت دوای گفتوگۆ و ڕاوێژی چڕ
لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدراوە.
868 جار خوێندراوەتەوە