داتاکانی
بەدواداچوونی کەشتییە دەریاییەکان ئاشکرایان کرد، کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتهەڵگری
چینی کە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتووە، بەناو گەرووی
هورمزدا تێپەڕدەبێت. ئەم هەنگاوەش ئەوە نیشان دەدات کە سەرەڕای تێکچوونی دۆخی
ئەمنی و هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەردەوامە.
بەپێی داتاکانی
پێگەکانی تایبەت بە چاودێری کەشتیوانی، کەشتییە چینییەکە کە ناوی "یوان هوا
هو"ـە، لە سەرەتای مانگی ئازارەوە لە کەنداو گیری خواردبوو، بەڵام دواجار
دورگەی لارەکی ئێرانی تێپەڕاندووە و بەرەو باشووری گەرووەکە ڕۆیشتووە.
کەشتییەکە نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرەی
بارکردووە و بەرەو بازاڕەکانی ئاسیا دەچێت. ئەمە سێیەمین کەشتیی چینییە لە دوای
ئاڵۆزییەکانی کۆتایی مانگی شوباتی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەو
گەرووەدا تێپەڕ ببێت.
لە پێشهاتێکی
دیکەی پەیوەندیداردا و هاوکات لەگەڵ تێپەڕبوونی کەشتییە چینییەکە، ئاژانسی
"بلومبێرگ" بڵاویکردەوە کە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا ڕێگرییان لە
کەشتییەکی یۆنانی کردووە کە ئەویش نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی
بەرەو ڤێتنام دەگواستەوە.
بەپێی
ڕاپۆرتەکەی بلومبێرگ، کەشتییە یۆنانییەکە بە ناوی "ئەگیۆس ڤانۆریۆس 1"
لە نزیک ئەو خاڵەی کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانی لێ دەستپێدەکات،
بە هۆکاری "نادیار" ناچار بە گەڕانەوە کراوە.
ئەمەش وای لە
کۆمپانیای کڕیاری نەوتەکە لە ڤێتنام کردووە، بە فەرمی نامە ئاراستەی سەرکردایەتیی
هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بکات و داوا بکات ڕێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتییەکە
بدرێت، کە بە فەرمی لە عێراقەوە بارکراوە.
63 جار خوێندراوەتەوە