ئەسیر داود غریری، وەزیری بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر لادانی ئەو بلۆک و ڕێگرییەی لەسەر بەشەخۆراکی مانگانەی (بایۆمەتری) کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان هەبوو ئەم بڕیارەش وەک ڕێزلێنانێکە بۆ قوربانیدانی ئەو هێزانە لە پاراستنی نیشتمان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا
وەزیری بازرگانی لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لەپێناو هاوئاهەنگییە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە نیشتمانییە گەورەیەی کە هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆر و پێکهاتەکانیانەوە دەیگێڕن و ئەو ماندووبوونەی لە پێناو خزمەتی هاووڵاتییاندا دەیکێشن
ئەسیر داود غریری ڕوونیشیکردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتەکەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کار و بەدواداچوونی بۆ ئەم دۆسیەیە کردووە بۆ ئەوەی مافی ئەم توێژە فەراهەم بکرێت و بەشەخۆراکیان پێبگات
هاوکات جەختی کردەوە کە ڕێنمایی دراوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بە زووترین کات و بەبێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک، بڕیارەکە جێبەجێ بکەن و هێزە ئەمنییەکانیش وەک توێژەکانی دیکە سوودمەند بن لە بەشەخۆراکی مانگانە.
385 جار خوێندراوەتەوە