سیناتۆرێکی ئەمریکی: یەدەگی موشەک و تەقەمەنییەکانمان بەهۆی شەڕی ئێرانەوە بە تەواوەتی کەمیکردووە

KNN : Kurdish News Network
11:56 - 11/05/2026
جیهان
+
-

سیناتۆرێکی ئەمریکی هۆشداری دەدات لەوەی یەدەگی چەک و تەقەمەنی سوپای ئەمریکا بەهۆی شەڕی ئێرانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و ڕەخنەی تووندیش لە بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرێت.

 

مارک کێلی، سیناتۆری دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (سی بی ئێس نیوز) ڕایگەیاند، قەبارەی بەکارهێنانی یەدەگە سەربازییەکانی وڵاتەکەی جێگەی سەرسوڕمانە. ئەو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی وڵاتەکەی پەلکێشی شەڕێک کردووە لەگەڵ ئێران "بێ هیچ ئامانجێکی ستراتیژی، بێ پلان و بێ خشتەیەکی کاتی"، کە ئەمەش بووەتە هۆی بەکارهێنانی بڕێکی زۆری تەقەمەنییەکان.

 

کێلی کە ئەندامێکی باڵای لیژنەی هێزە چەکدارەکانە، بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە یەدەگی موشەکەکانی وەک تۆماهۆک، ئەتاکامز، ئێس ئێم 3 (SM-3) و تەقەمەنییەکانی سیستەمی پاتریۆت بە شێوەیەکی مەترسیدار کەمیکردووە، دروستکردنەوەی ئەو یەدەگانەش پێویستی بە چەندین ساڵە. هۆشداریشی دا کە ئەمریکا لە ئەگەری ڕوودانی ململانێیەکی درێژخایەندا ڕەنگە نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و دەکەوێتە دۆخێکی خراپترەوە.

 

لەبارەی تێچووی شەڕەکەشەوە، بەپێی ئامارەکانی پێنتاگۆن تا کۆتایی مانگی نیسان، تێچووی شەڕی ئێران لەسەر ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکەی 25 ملیار دۆلار، کە زۆرینەی بۆ کڕینی تەقەمەنی ڕۆیشتووە. لەلایەکی دیکەشەوە، پێشنیازی بودجەی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەرگری لە ساڵی دارایی 2027 دەگاتە نزیکەی 1.5تریلیۆن دۆلار، کە کێلی بە "ترسناک" وەسفی دەکات و دەڵێت پێنج ساڵ و نیو لەمەوبەر ئەو بڕە تەنها 700 ملیار دۆلار بووە.

150 جار خوێندراوەتەوە