سەرەڕای
ئاڵەنگارییە ئابوورییەکان، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدات کە مووچەی
فەرمانبەران پارێزراوە و هەوڵەکانیش بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار پێش جەژنی
قوربان و دروستکردنی "سندووقی سەقامگیری مووچە" بەردەوامن.
لەگەڵ
بەردەوامی قەیرانە ئابوورییەکان و پشتبەستنی زۆری بودجە بە داهاتی نەوت، پرسی
مووچە جارێکی دیکە بووەتە جێگەی بایەخی سیاسی و دارایی لە عێراق.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان
ڕایگەیاند، مووچە پارێزراوە و هیچ کێشەیەکی لەسەر نییە. ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی
ڕۆتینی ئاسایی دابەشکردنی مووچە لە 18 بۆ 25ی مانگ دەبێت، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندی
ئەم مانگە و نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە، پێویست دەکات کاتی دابەشکردنی مووچە
پێشبخرێت و حکومەتیش توانای بەجێگەیاندنی ئەو کارەی هەیە.
سەبارەت بە
پلانی داهاتووی بەڕێوەبردنی دارایی، کۆچەر پێی وایە حکومەتی داهاتوو چەند
بژاردەیەکی لەبەردەستدایە، نزیکترینیان دەرکردنی یاسایەکی تایبەتە هاوشێوەی یاسای
ئاسایشی خۆراک.
لەلایەکی دیکەوە، عودەی عەواد، پەرلەمانتاری
عێراق ڕایگەیاند کە پێشنیازی فەرمییان کردووە بۆ دروستکردنی "سندووقی
سەقامگیری مووچە"، کە لە داهاتی زیادەی نەوت و وەبەرهێنان پێکدێت بۆ
دابینکردنی مووچە لە کاتی قەیرانەکاندا.
هاوکات،
هەوڵەکانیش بۆ هەموارکردنەوەی پەیژەی مووچەی فەرمانبەران لەپێناو بەدیهێنانی
دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمان بەردەوامە.
601 جار خوێندراوەتەوە