شەهباز شەریف،
سەرۆک وەزیرانی پاکستان، سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ بڕیاری
ڕاگرتنی کاتیی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەرووی هورمز و جەخت لەوە دەکاتەوە کە
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرۆک وەزیرانی
پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وەڵامدانەوەی ترەمپ بۆ داواکارییەکانی
پاکستان، عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی دیکە، هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی
گرژییەکان و خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. لەم ڕووەشەوە ئەو بڕیارەی بە
"بوێرانە" ناوبرد کە خزمەت بە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە
دەکات.
ئاماژەی بەوەش
کرد، وڵاتەکەی بە تەواوی پابەندە بە پشتگیریکردنی هەموو ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان
بەدیهێنانی دانبەخۆداگرتن و گەیشتنە بە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لە ڕێگەی
گفتوگۆ و دیالۆگەوە.
شەهباز شەریف
هیواشی خواست بارودۆخی ئێستا ببێتە سەرەتایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی
کە ئاشتی و سەقامگیریی درێژخایەن بۆ تەواوی ناوچەکە دەستەبەر بکات.
218 جار خوێندراوەتەوە