عەلی زەیدی و وەزیری جەنگی ئەمریکا چەند پرسێکی سەربازی و ئەمنییان تاوتوێ کرد

KNN : Kurdish News Network
10:16 - 06/05/2026
عێراق
+
-

عەلی زەیدی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکاوە پێگەیشت.

 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا هێگسێت پیرۆزبایی لە زەیدی کردووە بەبۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت. هاوکات هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەت هەماهەنگیی ئەمنی لەسەر بنەمای بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات.

 

هەر لە میانی پەیوەندییەکەدا، زەیدی و هێگسێت جەختیان لە تایبەتمەندیی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن کردەوە و گرنگیی هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە چەکدارەکانی عێراق بەمەبەستی بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی تواناکانیان دووپات کردەوە.

262 جار خوێندراوەتەوە