وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی تەنها 400 هەزار تۆن گەنم رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، بڕەکە بەراورد بە بەرهەمی پێشبینیکراوی ئەمساڵ کە زیاترە لە یەک ملیۆن و نیو تۆن، زۆر کەمە و جێگەی قبوڵکردن نییە
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە سەرپەرشتیی محەمەد شیاع سودانی، بڕیاردراوە پشکی وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان لە 292 هەزار تۆنەوە بۆ 400 هەزار تۆن زیادبکرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکە بەبێ بەشداریی هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بەڕێوەچووە و دواتر بە فەرمی لە بڕیارەکە ئاگادارکراونەتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بڕە جێگەی قبوڵ نییە و هەموو هەوڵێک لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەخەنەگەڕ بۆ زیادکردنی
وتیشی ساڵی رابردوو کە لەڕووی کشتوکاڵییەوە بە وشکەساڵی هەژمار کرابوو، 400 هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرگیرا، بەڵام ئەمساڵ بەرهەم زۆر زیاترە، بۆیە داوا دەکەین بڕێکی زیاتر لە 400 هەزار تۆن وەربگیرێت
سەبارەت بە نرخی گەنمەکەش، ئەمساڵ نرخی یەک تۆن گەنم بە 700 هەزار دینار دیاریکراوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 850 هەزار دینار بوو، ئەمەش زیانێکی دیکەیە بەر جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەوێت. ساڵانە حکومەتی عێراق بە پاساوی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێویی ناوخۆیی، پشکی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی گەنم کەمدەکاتەوە، ئەوەش زیانێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی هەرێم دەگەیەنێت.
437 جار خوێندراوەتەوە