پەرلەمانی عێراق تەمەنی خانەنشینی دەکاتەوە بە 63 ساڵ

KNN : Kurdish News Network
09:40 - 18/05/2026
عێراق
+
-

لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەوڵێکی یاسایی هەیە بۆ پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، کە تێیدا تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ دەگەڕێندرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پاکێجێک لە پرۆژە و پێشنیازە یاساکاندایە کە لیژنەکە لە قۆناغی ئێستادا کاری لەسەر دەکات.

 

محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە دیارترین ئەو یاسایانەی کاری لەسەر دەکرێت، یاسای خزمەت و خانەنشینیی گشتییە، کە گفتوگۆکانی پەرلەمان بەو ئاراستەیەن تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ بگەڕێندرێتەوە، لەگەڵ چارەسەرکردنی دۆخی خاوەن ئەزموون و تواناکان بۆ ئەوەی زۆرترین کات لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا سوودیان لێ ببینرێت".

 

ئاماژەی بەوەش کرد، وردەکاریی کۆتایی هەموارەکە دوای خوێندنەوەی یەکەم لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕوون دەبێتەوە و پەسەندکردنیشی پەیوەستە بە کات، تەرخانکراوە داراییەکانی حکومەت، و ڕێککەوتنی فراکسیۆنەکان.
لە لایەکی دیکەوە، سائیر کەعبی، ئەندامی هەمان لیژنە ڕوونیکردەوە، چەند پێشنیازێک لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بۆ هەموارکردنی یاساکە و گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ 63 ساڵ پێشکەش کراون و هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

 

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم هەموارە دوو لایەن لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان بۆ ئەو فەرمانبەرانەیە کە درەنگ دامەزراون و ئەو سێ ساڵە یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەواوکردنی مەرجەکانی خانەنشینی یان وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت، لایەنی دووەمیش پەیوەستە بە مەترسیی کەمبوونەوەی هەلی کار بۆ گەنجان بەهۆی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینییەوە، کە ئەمەش پێویستی بە دروستکردنی هاوسەنگییە لەنێوان مافی فەرمانبەران و دەرچووانی نوێدا".

 

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، یەکێک لە بژاردە پێشنیازکراوەکان ئەوەیە، لە بەرامبەر پێدانی لێبڕینەکانی خانەنشینی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئەو ماوەیە بۆ خزمەتی فەرمانبەرەکە هەژمار بکرێت، کە ئەم بابەتەش هێشتا لەناو لیژنەی یاساییدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

878 جار خوێندراوەتەوە