بەرپرسانی
ئەمریکی باس لەوەدەکەن دوو کەشتیی جەنگییان بەربەستی ئێران لە گەرووی هورمزیان
تێپەڕاندووە و گەیشتوونە کەنداو، لەلایەکی دیکەشەوە پێدەچێت لە چەند ڕۆژی
داهاتوودا کۆشکی سپی گڵۆپی سەوز بۆ وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی دژی تاران هەڵبکات.
تۆڕی (سی بی
ئێس نیوز)ی ئەمەریکی لە زاری چەند بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، دوو وێرانکەری
ئەمەریکی دوای بڕینی بەربەستێکی ئێرانی، گەرووی هورمزیان تێپەڕاندووە و چوونەتە
ناو کەنداوی عەرەبییەوە.
بەرپرسەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تەواوی
هەڕەشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە و ڕێگرییان لێکراوە، هاوکات هیچ موشەک یان
تەقەمەنییەک بەر وێرانکەرە ئەمەریکییەکان نەکەوتووە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە
گەرووی هورمزدا.
هاوکات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) جەختی لەوەکردەوە، کە وێڕای
راپەڕاندنی ئەرکی "پڕۆژەی ئازادی" کە بۆ ئاساییکردنەوەی جوڵەی دەریاییە
لە گەرووی هورمز، بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بە سەر ئێران.
لەسەر ئاستی
بڕیاری سیاسیش، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری وتەبێژی کۆشکی سپییەوە
ڕایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرجەم بژاردەکانی بە کراوەیی
هێشتووەتەوە، لە کاتێکدا هەوڵ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران دەدات.
ڕۆژنامەکە لە
زاری بەرپرسانی ئەمەریکی و بیانییەوە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، پێدەچێت لە چەند ڕۆژی
داهاتوودا ترەمپ مۆڵەت بە وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی دژی ئێران بدات، سەرەڕای ئەوەی
ناوبراو دەیەوێت خۆی لە هەڵمەتێکی نوێی بۆردومانکردن بەدوور بگرێت و بەلایەوە
باشترە بگەنە چارەسەرێکی دانوستانکارانە.
174 جار خوێندراوەتەوە