فیدان: ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهان

KNN : Kurdish News Network
11:50 - 25/04/2026
جیهان
+
-

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، سیاسەتەکانی ئیسرائیل بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی جیهان و پێویستیان بە وەڵامدانەوەیەکی بەکۆمەڵی نێودەوڵەتی هەیە. هاوکات سیستەمی جیهانیش بە شکستهێنان لە کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکاندا تۆمەتبار دەکات.

 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانەی وتارێکدا لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا لەژێر ناونیشانی "گۆڕانکاری لە سیستەمی جیهانی"، ڕایگەیاند؛ ئیسرائیل بۆشاییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی قۆستووەتەوە و ئاسایشی تەواوی جیهانی بە بارمتە گرتووە.

 

فیدان ئاماژەی بە جەنگی ئەم دواییەی پەیوەست بە ئێرانەوە کرد و وەک گورزێک بۆ سەر خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی جیهان وەسفی کرد، کە پێویستیی وڵاتەکەی وەک هێزێکی مامناوەند بۆ نێوەندگیری زیاتر دەرخستووە. سەبارەت بە دۆخی غەززە و ناوچەکەش وتی: "ئەوەی لە غەززە و ئێستاش لە ململانێ فراوانەکاندا ڕوودەدات، تاقیکردنەوەیەکە بۆ ویژدانی مرۆڤایەتی کە جیهان تێیدا کەوتووە."

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا مۆدێلی "دیپلۆماسیی سەرکردایەتی"ی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکان خستە ڕوو. ڕوونیشیکردەوە، ئەم مۆدێلە پشتی بە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی سەرکردەکان بەستووە بۆ تێپەڕاندنی ڕۆتینی خاوی دیپلۆماسی و ڕێگریکردن لە جەنگی سەرتاسەری لە ساتە هەستیارەکاندا.

 

لە بەرامبەریشدا، میدیاکانی ئیسرائیل قسەکانی هاکان فیدانیان بە "هاندەرانە" ناوبرد و ڕایانگەیاند؛ تورکیا لەبری گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر، لایەنگریی بەرەی بەرامبەر دەکات.

65 جار خوێندراوەتەوە