بەرپرسانی
ئەمریکی پێیان وایە ناکۆکی سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی ئێران لەسەر پرسی
دانوستان رێگرە لە دیاریکردنی هەڵوێستێکی روون و ئاشکراشی دەکەن، ئاگربەستە
کاتیەکەی ترەمپ دەرفەتێکە بۆ ئەوەی تاران خۆی یەکلابکاتەوە و ئەوەش دەخەنەڕوو، کە
چاوەڕێ دەکرێت لەم دوو رۆژەدا رابەری باڵای ئێران بێدەنگی بشکێنێت.
پێگەی ئاکسیۆسی
ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکەوە بڵاویکردەوە، دابەشبوونێکی تەواو لە ناوخۆی
ئێراندا لە نێوان دانوستانکاران و سوپادا هەیە و هیچ لایەنێکیان ناتوانن دەستیان
بە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بگات.
بەپێی
زانیارییەکانی پێگەکە، سکرتێری گشتیی ئێستای ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران،
محەممەد باقر زولقەدر، بەراورد بە عەلی لاریجانی کە پێگە و سەنگی سیاسیی هەبوو،
کاریگەر نییە و توانای هەماهەنگیکردنی لە نێوان سوپای پاسداران و سەرکردایەتیی
سیاسیی وڵاتەکەدا نییە.
سەبارەت بە
هەڵوێستی واشنتۆن، سەرچاوەکان بە ئەکسیۆسیان ڕاگەیاندووە کە ترەمپ پێی وایە لە
ڕووی سەربازییەوە هەموو ئەوەی لە توانایدا بووە بەدەستی هێناوە و تا سەرجەم
بژاردەکانی دیکە بەکارنەهێنێت، دەست بە شەڕ ناکاتەوە. هاوکات، ئەمریکا و پاکستان
چاوەڕێن لە ئەمڕۆ یان دوو ڕۆژی داهاتوودا، ڕێبەری باڵای ئێران بێدەنگی بشکێنێت و
هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت.
سێ بەرپرسی
ئەمریکی بە پێگەی ئاکسیۆسیان ڕاگەیاندووە، ئاگربەستەکە بێسنوور و کراوە نییە و سێ
بۆ پێنج رۆژ دەرفەت دەدرێتە ئێرانییەکان تا ناوماڵی خۆیان یەکبخەن، بە پێچەوانەوە
ئاگربەست کۆتایی دێت.
100 جار خوێندراوەتەوە