وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکا لە پۆستەکەی لادرا

KNN : Kurdish News Network
09:21 - 23/04/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە درێژەی گۆڕانکارییە فراوانەکانیدا، جۆن سی فێلان، وەزیری هێزی دەریایی ئەمریکای لە پۆستەکەی دوورخستەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو گرژییانەی لە نێوان ئەو و پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی وڵاتەکەدا هەبووە.

 

لە کاتێکدا سەرەتا دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی فێلان بڵاوبووەوە، بەڵام ئاژانسەکانی وەک ڕۆیتەرز و یۆرۆنیوز لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە پشتڕاستیان کردەوە کە ناوبراو لەلایەن وەزیری بەرگرییەوە دەرکراوە.

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردووە، ئەم بڕیارە دوای چەندین مانگ لە ململانێ دێت، بەتایبەت کاتێک فێلان هەوڵیداوە لە پرسی دروستکردنی کەشتییە جەنگییە مۆدێرنەکاندا وەزیری بەرگری پەراوێز بخات.

 

 بۆ پڕکردنەوەی جێگەکەی تا یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە، هۆنگ کائو کە پێشتر جێگری وەزیر بووە، وەک سەرپەرشتیاری وەزارەتی هێزی دەریایی دیاریکراوە؛ کائو کەسایەتییەکی پارێزگارە و لە ڕووی دیدگاوە بەتەواوی لەگەڵ هێگسێت هاوڕایە.

 

دورخستنەوەی وەزیری هێزی دەریایی تەنها بەشێکە لە هەڵمەتێکی گەورەی "پاکسازی" و گۆڕانکاریی پێکهاتەیی بێپێشینە لەناو پێنتاگۆن کە لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە بە سەرۆکایەتیی پیت هێگسێت دەستیپێکردووە.

 

 لەم چوارچێوەیەدا چەندین فەرماندەی باڵای سەربازی و هەواڵگری لەکارخراون، لەوانە ژەنەڕاڵ ڕاندی جۆرج سوپاسالاری ئەمریکا، ژەنەڕاڵ سی کیو براون سەرۆکی پێشووی دەستەی ئەرکان، و بەرپرسانی باڵای هەردوو ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی (NSA) و ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری (DIA) هەروەها بڕیاردراوە بە کەمکردنەوەی ژمارەی ژەنەڕاڵە چوار ئەستێرەکان بەڕێژەی لەسەدا 20 و کۆی ئەفسەرە باڵاکانیش بەڕێژەی لەسەدا 10، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتین و بەرزکردنەوەی گیانی جەنگاوەری.

 

لەلایەکی دیکەوە، گۆڕانکارییەکان ڕەهەندی پێکهاتەیی و سیاسیشیان هەیە؛ پلان بۆ یەکخستنی فەرماندەییەکان هەیە، وەک دروستکردنی "ئەمێریکۆم" لە ڕێگەی یەکخستنی فەرماندەییەکانی باکوور و باشوورەوە، هەروەها سیستمەکانی کڕینی چەکیش گۆڕانکارییان تێدا کراوە. لە ڕووی سیاسیشەوە، ئامانج لێیان نەهێشتنی سیاسەتەکانی فرەچەشنی و دروستکردنی هێزێکە کە ڕاستەوخۆ ملکەچی بڕیارەکانی کۆشکی سپی بێت.

 

ئەمەش کاردانەوەی توندی لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا کۆمارییە توندڕەوەکان وەک "نەشتەرگەرییەکی پێویست" دەیبینن، دیموکراتەکان هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم هەڵمەتی دورخستنەوەیە لە کاتی قەیرانە جیهانییەکاندا، ناسەقامگیرییەکی مەترسیدار دروست دەکات و دەبێتە هۆی بەسیاسیکردنی سوپا.

119 جار خوێندراوەتەوە