ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژدەکرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
09:27 - 24/04/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای میوانداریکردنی باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند؛ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژدەکرێتەوە.


ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم درێژکردنەوەیە، بەرەوپێشبردنی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان، هەروەها ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی شەڕ کە ڕەنگە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران تێکبدات. ئەمەش دوای ئەوە دێت هەفتەی ڕابردوو ترەمپ ئاگربەستێکی سەرەتایی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ڕاگەیاند.


لە کاتێکدا ئەمریکا فشار بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەکات، هاوکات کار لەسەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی ئەگەری لەگەڵ ئێران دەکات. هەرچەندە ئەم دوو پرسە بە فەرمی جیاوازن، بەڵام ئێران پێیوایە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان پێشێلکردنی ئاگربەستەکەیەتی لەگەڵ ئەمریکا. لە بەرامبەردا، ئەمریکا و ئیسرائیل جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دژی حزبوڵای لوبنان ناگرێتەوە، چونکە ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەشێکن لە دانوستانە جیاوازەکانی ئاشتی لەگەڵ حکومەتی لوبنان.


سەرەتا بڕیاربوو باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆببنەوە بۆ خولی دووەمی دانوستانەکان، بەڵام سێ کاتژمێر پێش وادەی دیاریکراو، شوێنی کۆبوونەوەکە گواسترایەوە بۆ کۆشکی سپی و دۆناڵد ترەمپیش بەشداریی تێدا کرد، بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک و هەریەک لە مایک هەکابی و مایکڵ عیسا، باڵیۆزانی ئەمریکا لە ئیسرائیل و لوبنان.


ترەمپ لە پێگەی "تروس سۆشیاڵ" سەبارەت بە کۆبوونەوەکە نووسیویەتی: "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، ئەمریکا کار لەگەڵ لوبنان دەکات بۆ ئەوەی یارمەتی بدات خۆی لە حزبوڵا بپارێزێت. ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ سێ هەفتەی دیکە درێژدەکرێتەوە". هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە چاوەڕێی میوانداریکردنی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنانە لە کۆشکی سپی لە داهاتوویەکی نزیکدا.


لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی لوبنان پێیانوایە سازدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەم جۆرە ئەستەمە تا ئەو کاتەی ئیسرائیل لە سەدا شەشی خاکی لوبنانی داگیرکردبێت و هێرشەکانیشی سەرەڕای ئاگربەست بەردەوام بن. کاتێکیش ڕۆژنامەنووسان پرسیاریان لە ترەمپ کرد سەبارەت بە یاسای لوبنان کە قەدەغەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، سەرۆکی ئەمریکا بە سەرسوڕمانەوە وتی: "دەبێت کۆتایی بەوە بهێنین"، و داوای لە تیمی ئیدارەکەی کرد کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە بکەن، کە هەنگاوێکی قورسە لەسەر ئاستی ناوخۆی لوبنان.


کەمێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەی ترەمپ لەگەڵ باڵیۆزانی هەردوو وڵات، حزبوڵا چەند موشەکێکی ئاراستەی گوندەکانی سەر سنووری ئیسرائیل کرد و سوپای ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی دایەوە. لەم بارەیەوە ترەمپ جەختی کردەوە، ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات ئەگەر لە کاتی ئاگربەستەکەدا هێرشی بکرێتە سەر، بەڵام پێویستە ئەم کارە "بە وریایی و بەشێوەیەکی نەشتەرگەرییانە" ئەنجام بدات.

128 جار خوێندراوەتەوە