شارەزایەکی
کەشناسی هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و تەرزە، کە لە سبەینێ
یەکشەممەوە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو
و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە چەند ناوچەیەک هەیە.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی بڵاویکردووەتەوە؛ بەهۆی یەکگرتنی بارستەهەوایەکی شێداری گەرم و
بارستەهەوایەکی ساردی چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، ناجێگیریی کەشوهەوا ناوچەکە
دەگرێتەوە. ئەمڕۆ شەممە شەپۆلەکە بە دروستبوونی هەوری 'سوپەرسێڵ' و بارینی تەرزەی
قەبارە گەورە لە ڕۆژئاوا، ناوەڕاست و باشووری عێراق دەست پێدەکات.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، سبەینێ یەکشەممە (26ی نیسانی 2026) کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە دەگاتە
هەرێمی کوردستان. لە دوانیوەڕۆوە بە شێوەی پچڕپچڕ شەستەباران، هەورەبروسکە و با
دەستپێدەکات و لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی بەهێزتر دەبێت و تەواوی ناوچەکانی
(گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک، هەولێر، دهۆک، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ)
دەگرێتەوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما (3 بۆ 5) پلە داببەزن.
سەبارەت بە
ڕۆژانی دواتر، ئەو شارەزایەی کەشناسی پێشبینی دەکات ڕۆژی دووشەممەش تاوەباران و
تەرزەی بەخوڕ بەردەوام بێت، هەرچەندە لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشوهەوا تا ڕادەیەک
جێگیر دەبێتەوە، بەڵام کاریگەریی لاوازی شەپۆلەکە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە بەتایبەت
لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.
828 جار خوێندراوەتەوە